٩ تشرینی دووەم ٢٠١٦ - ٢٣:٠٦
هەشت هۆکارى سەرکەوتنى ترەمپ

دۆناڵد ترەمپ بەر لە هیلاری کلینتۆن دامەزراوەکانی ڕاپڕسی ئەمەریکای شکستدا و بە سەرکەوتنەکەی ئاستی ئاکادیمی بوونی ڕاپرسییەکانی ئەوانی خستە ژێر پرسیارەوە، بەوپێیەی لە چەند مانگی ڕابردوودا پێشبینییەکانی زۆربەی دامەزراوەکانی ڕاپرسی لە بەرژەوەندی هیلاری کلینتۆندا بوو.

هەشت هۆکارى سەرکەوتنى ترەمپ

دۆناڵد ترەمپ بەر لە هیلاری کلینتۆن دامەزراوەکانی ڕاپڕسی ئەمەریکای شکستدا و بە سەرکەوتنەکەی ئاستی ئاکادیمی بوونی ڕاپرسییەکانی ئەوانی خستە ژێر پرسیارەوە، بەوپێیەی لە چەند مانگی ڕابردوودا پێشبینییەکانی زۆربەی دامەزراوەکانی ڕاپرسی لە بەرژەوەندی هیلاری کلینتۆندا بوو.

دۆناڵد ترەمپ بە سەرکەوتنەکەی جیهانی تووشی شۆک کرد، خەڵكێکی زۆر پرسیاری ئەوە دەکەن ترەمپ چۆن توانیی سەربکەوێت لە کاتێکدا زۆربەی سەرکردەکانی حیزبەکەی خۆشی لە دژی بوون؟

سەرکەوتنەکەی ترەمپ دەکرێت گەلێک هۆکاری هەبێت، بەڵام شیکەرەوە سیاسییەکان زۆرتر باسی چەند هۆکارێک دەکەن.

یەکەم: دوای هەشت ساڵ لە دەسەڵاتی دیموکراتەکان ئاساییە بەشێک لە دەنگدەرانی ئەمەریکی بیریان لە گۆڕینی حیزبی دەسەڵاتدار کردووەتەوە هەر وەک چۆن هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا کۆمارییەکان زۆرینەی کورسییەکانی کۆنگرێسیشیان بۆخۆیان مسۆگەر کرد.

دووەم: ترەمپ لە کەمپەینەکەیدا سەرکەوتووانە خۆی وەک کەسێکی جیاواز دەرخست، ترەمپ توانیی خۆی بکاتە هێمای ئەو بەشە لە هاوڵاتیانی ناڕازی ئەمەریکا کە دژی دەسەڵات و سیاسەتمەدارە خاوەن ڕابردووەکانی هەر دوو حیزبی سەرەکیین کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا ئەمەریکایان ئیدارەکردووە، هاوکات لەگەڵ ئەوەیش ترەمپ توانیی هیلاری کلینتۆن وەک هێمای دەسەڵات پێناسە بکات.

سێیەم: ترەمپ زیرەکانە توانیی خۆی وەک کەسێکی تەنیا و ستەملێکراو پێناسە بکات کاتێک کە زۆربەی میدیاکان و کەسایەتیی و سیاسەتمەدارە ناسراوەکان پشتگیری هیلاری کلینتۆنیان کرد، ترەمپ بە پێچەوانەی زۆربەی سیاسەتمەداران لەو هەموو پشتگرییەی میدیاکان بۆ رکەبەرەکەی نەشڵەژا، بەڵکوو خۆی بە زەقکردنەوەی ئەو پشتگیرییانە بۆ ڕکەبەرەکەی بە بەردەوامی جەختی لەوە دەکردەوە کە ئەو تەنیا پشت بە خەڵکی ئەمەریکا دەبەستێت نەک بە میدیاکان و سیاسەتمەدارە بە ئەزموونەکان، بەم شێوەیە توانیی سەرنجی زۆرێک لە هاوڵاتیان بۆ لای خۆی رابکێشێت.

چوارەم: ترەمپ هەر لە سەرەتاوە ئەمەریکییە سپی پێستەکانی وەک بنکەی جەماوەری خۆی پێناسەکردبوو هەر بۆیە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی ئەوان بە بەردەوامی دژی کۆچبەران و هاوڕەگەزبازەکان و موسڵمانە توندڕەوەکان قسەی دەکرد.

پێنجەم: جەختکردنەوە لەسەر گەڕانەوەی شکۆ و هێز بۆ ئەمەریکا یەکێک لە دروشمە سەرەکییەکانی ترەمپ بوو، ترەمپ بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی دەرەوەی ئۆباما هەوڵی دەدا وا لە ئەمەریکییە ناسیۆنالیستەکان بگەیەنێت کە شکۆی ئەمەریکا لە جیهاندا شکاوە، بۆ نمونە ئاماژەی بە سیاسەتی ئۆباما لە عێراق دەکرد کە چۆن خوێنی سەربازی ئەمەریکی لە عێراق ڕژاوە، بەڵام ئۆباما عێراقی ڕادەستی ئێران کردووە، ترەمپ بەمجۆرە توانیی دەنگی ئەمەریکییە ناسیۆنالیستەکان بۆخۆی مسۆگەر بکات.

شەشەم: نە تەنها لە ئەمەریکا بەڵکو لە وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاواش لەم چەند ساڵەی دواییدا بەهۆی پەرەسەندنی توندوتیژییەکانی داعش و گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکانەوە پێگەی سیاسەتمەدارە توندڕەو و ناسیۆنالیستەکان بەهێز بووە، هەر بۆیە دەکرێت یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی ترەمپ بۆ پەرەسەندنی توندوتیژییەکانی داعش و گروپە توندڕەوەکان بگەڕێتەوە.

حەوتەم: سەبارەت بە کێشە ئابورییەکانی ئەمەریکا ترەمپ بەڵێنی دابوو کە دەرفەتی کاری زیاتر بۆ هاوڵاتیان بڕەخسێنێت و ئابووریی ئەمەریکا بەهێزتر دەکات، لەمبارەیەوە ترەمپ بە بەردەوامی سەرکەوتنەکانی خۆی لە بواری بازرگانیدا وەبیر دەنگدەران دەخستەوە کە چۆن لە بواری بازرگانیدا سەرکەوتوو بووە ئاواش دەتوانێت لە پێشخستنی ئابووریی ئەمەریکاشدا سەرکەوتوو بێت.

هەشتەم: بەبۆچوونی بەشێک لە شیکەرەوە سیاسییەکان یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی ترەمپ بۆ لاوازی ڕکەبەرەکەی واتە هیلاری کلینتۆن دەگەڕێتەوە، هیلاری کلینتۆن لەناو بەشێکی بەرچاوی ڕای گشتیی ئەمەریکادا کەسێکی خۆشەویست نییە، لەمەشیاندا ترەمپ توانیی بە بیرهێنانەوەی بێدەنگی هیلاری بەرامبەر بە خیانەتی هاوسەرگیریی هاوسەرەکەی یان بە وەبیرهێنانەوەی ڕووداوی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە لیبیا ئەوەندەی دیکە سیمای هیلاری کلینتۆن لە بەرچاوی دەنگدەراندا خەوشدار بکات.